بەڵگەی کار
(Proof of work) :بە ئینگلیزی
چەمکێکە کە لە سیستەمە جۆراوجۆرەکانی کۆمپیوتەردا بەکاردێت، بەتایبەتی لە دراوە کریپتۆییەکان وەک بیتکۆین، بۆ پشتڕاستکردنەوەی مامەڵەکان هەروەها وەک ڕێگایەک بۆ دڵنیابوون لەوەی کە مامەڵەکان یاسایی و پارێزراون بەبێ ئەوەی پشت بە دەسەڵاتێکی ناوەندی وەک بانک ببەستن
بیر لەوە بکەرەوە کە کێشەیەک هەیە پێویستی بە چارەسەرە. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە زۆر قورس نییە، بەڵام کەمێک کات و هەوڵی دەوێت. کاتێک کەسێک ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات، هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی دڵنیا بێت لەوەی کە چارەسەرەکە دروست و گونجاون
(کۆمپیوتەرەکان هاوکێشە بیرکارییە ئاڵۆزەکان چارەسەر دەکەن)
لە حاڵەتی کریپتۆکانی وەک بیتکۆین، مامەڵەکان بەیەکەوە کۆدەکرێنەوە بۆناو بلۆکەکان. ماینەرەکان، کە وەک چارەسەرکەری کێشەکان، پێشبڕکێ دەکەن بۆ چارەسەرکردنی هاوکێشەی بیرکاریی ئاڵۆز کە پەیوەستە بە مامەڵەکان لە بلۆکێکدا. ئەوان ئەمە دەکەن بە بەکارهێنانی هێزی ژمێریاری
یەکەم ماینەر کە کێشەکە چارەسەر دەکات دەتوانێت بلۆکێکی نوێی مامەڵەکان زیاد بکات بۆ زنجیرەیەکە (کە وەک تۆمارێکی دیجیتاڵییە). ئەم بلۆکە چارەسەرکراوە لەلایەن بەشداربووانی دیکەی تۆڕەکەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، و کاتێک پشتڕاست دەکرێتەوە، مامەڵەکان دەبنە بەشێکی هەمیشەیی زنجیرەیەکە
بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشە بیرکارییە پێویستی بە کاری ژمێریاری و وزەیەکی زۆر هەیە. ئەم “کارە” وەک بەڵگەیەک خزمەتی ماینەرەکان دەکات کە وەبەرهێنانیان لە سەرچاوەکانی وەک (کارەبا و توانای ژمێریاری) کردووە بۆ ڕاستکردنەوە و زیادکردنی بلۆکی نوێ بۆ زنجیرەیەکە
بەهۆی زەحمەتی چارەسەرکردنی ئەم هاوکێشانە، بۆ کەسێک کە هەوڵ بدات مامەڵەیەک بگۆڕێت لە بلۆکێکدا کە پێشتر زیادکراوە، لە ڕووی ژمێریارییەوە گران دەبێت و کات و ووزەیەکی زۆری دەوێت. سروشتی لامەرکەزی ئەم سیستەمە وا لە سیستەمەکە دەکات زۆر پارێزراو بێت چونکە گۆڕینی یەک بلۆک پێویستی بە دووبارەکردنەوەی کارەکە هەیە بۆ هەموو بلۆکەکانی دواتر کە ئەمەش کارێکە لە مەحاڵ نزیکە وە ئەگەر مەحاڵیش نەبێ، پارەو ووزەیەکی خەیاڵی تێدەچێ بۆ ئەوەی دەسکارێ تۆمارێکی بچوکی ناو زنجیرەیەکە بکەیت
بۆیە بەڵگەی کار لە بنەڕەتدا ڕێگایەکە بۆ پاراستن و ڕەواکردنی مامەڵەکان لە سیستەمێکی لامەرکەزیدا بە زەحمەتکردنی دەستکاریکردنی مێژووی مامەڵە تۆمارکراوەکان لە زنجیرەیەکەدا